هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا کە پێشتر سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر بۆ بەندیخانە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و یەکێک لە دەسبەسەرکراوان و برای شەهیدێکی شۆڕشی ژینا، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە، هەرلەوێ دەسبەسەر کرا و  پاشان گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.

ناوبراو پێشتر، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٦مانگ و ١٥ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ چەند کەسی دیکەی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەکاتی گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ژمارەیەک شەهید لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، دێولان، سەقز و بۆکان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان.

شایانی باسە کە، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەربوونیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو و ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، براکەی بەناوی “محەممەد ئەمینی” لە شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەهید کرا.