هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئومید مەزڵووم، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومید مەزڵووم، برای موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسیی کورد، کە زیاتر لە یەک مانگە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە، ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیارد تمەن بە شێوەی کاتیی لە بەندخانەی ناوەندی شاری مەهاباد ئازاد کرا.

ئومید مەزڵووم لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو و ڕۆژی سێشەممە، ٣ی مانگی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە گوندی “ئەتمیش”ـی سەربە شاری مەهاباد هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کرد.