خۆڕاگری: لقی پێنجەمی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە ئیلام، لە بڕیارێکدا سزای هەشت مانگ بەندکردنی تەعزیریی موسا ئومێدی، چالاکی سیاسی و ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەی یەکگرتووی کوردی گۆڕی بۆ پێبژاردن.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٩ی دیسامبری ٢٠٢٥ی زایینی”، لقی پێنجەمی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە ئیلام بە سەرۆکایەتیی قازی “حەمیدڕەزا خوسرەوئابادی” پێداچوونەوەیان بۆ دۆسیەی مووسا ئومێدی، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی سەرکردایەتی بەرەی یەکگرتووی کورد، جگە لە گۆڕینی سزای بەندکردن بۆ سزای پێبژاردنی پارەی نەغدی، دادگا بڕیاری داوە سزای تەواوکەری دەرکراو دژی ناوبراو هەڵبوەشێنێتەوە و ئەم سزایە مانگی ڕابردوو بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.
موسا ئومێدی پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئیلام بەتۆمەتەکانی پروپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم دادگایی کرابوو و لە کۆبوونەوەی دادگادا کە ٢٧ی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، ناوبراو سزای ٨مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا و هەروەها وەک سزای تەواوکەر، بڕیاری دوو ساڵ قەدەغەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ئیلام و قەدەغەکردنی هەرچەشنە دەربڕینی بیروڕای سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئێستا ئەم بەشە لە سزاکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە هەڵوەشاوەتەوە.
ڕەوتی دۆسیەی ئەو چالاکە سیاسییە لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ئەمساڵ دەستی پێ کرد، کاتێک هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد و لە کاتی دەسبەسەرکردنەکەدا دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا وەک مۆبایل، لاپتۆپ و کتێبەکانیدا گرت و هەروەها دواتر لە ٢٤ی پووشپەڕدا بۆ لقی حەوتەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام بانگ کرا و تۆمەتەکانی ئاراستە کرا.
