کۆماری ئیسلامی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی لەسێدارە دا

خۆڕاگری: ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەحنە و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی کرماشان لە سێدارە درا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵانی خەڵکی شاری “سەحنە”ـی سەربە پارێزگای کرماشان، بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەیانی ئەمڕۆ، بنەماڵەی ناوبراویان ئاگادار کردۆتەوە کە کوڕەکەیان لەسیدارە داوە و هەڕەشەی ئەوەسیان لێکردوون کە مافی ئەوەیان نییە تەرمی کوڕەکەیان لە زێدی خۆی واتە شاری سەحنە ئەسپەردەی خاک بکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دۆسیەی ڕەزا ڕەسایی، لەلایەن محەممەدڕەسووڵ حەق‌نەجاتی، سەرۆکی لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی ١ی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان و ئەو قازییەی کە سزای سێدارەی بەسەریدا سەپاندووە، بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگوستەریی تەواوی پارێزگای کرماشان نێردرابوو و سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، دوو حەفتە پێش ناردنی دۆسیەکەی لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کرابووەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕەزا ڕەسایی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی ١ی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان بەتۆمەتی کوشتنی “نادر بەیرامی”، سەرۆکی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و سەپاندنی ئەو سزایە بە گوشاری سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی و سەرەڕای بەردەست نەبوونی بەڵگەی زانیاری و بەڵگەنامەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە، ڕووی داوە.

ئەو سزایە بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێی ڕەزا ڕەسایی و کەسانی دەسبەسەرکراوی دیکە کە لەگەڵ ناوبراو بوون، دوای چەند مانگ ئەشکەنجەدان و پەروەندە دروستکردن دەرکراوە و بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی لە بواری یاسایییەوە تا ئێستا پێشکەش نەدۆزراوەتەوە و هەروەها ناوبراو ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی،   لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە لە گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گوازرایەوە.