بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی ڕوانسەر لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: ئیدریس مورادی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ڕوانسەر لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس مورادی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری “ڕوانسەر”ـی سەربە پارێزگای کرماشان، پاش ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بانگ کراوە، هەرلەوێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ناوەندەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو ماوەی ١٠ساڵ لەمەوبەر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سزای ١ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی شاری پاوە تێپەڕ کرد و هەروەها لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندجاری دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

شایانی باسە کە، تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.