هونەرمەندێکی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، تەها ڕەسووڵیان هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندی بەڕێوەبەری سزاکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بانگ کرا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردن هەرلەوێ دەسبەسەجێ دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی “ئوجاقلوو”، بە تۆمەتەکانی وەکوو؛ ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی گشتی، تێکڕا سزای ٧ ساڵ و دە مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکانی ڕێژیم، دەبێ ٣ساڵ و ٧مانگی سزاکەی جێبەجێ بکرێت.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هونەرمەندە، مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، لە پەروەندەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیمەوە لە پیرانشار بەتۆمەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی، بە سزای ٣مانگ بەندکردن و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە و ٢ی ڕەشەممەی هەمانساڵ بەدانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتیی  تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.