ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی ڕەشەممەی١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی ڕەشەممەی١٤٠٢ی هەتاوی ٢٥کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی دا، ١٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و دوورخستەنەوەیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٢٦ ساڵ و ٦مانگ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کراون.هەروەها  کەسێک لەو سزادراوە  سیاسیانە بە ناوەی(شاهین وەساف) بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل سزای ئێعدامی بەسەر دا سەپێندراوە. جێگای ئاماژەیە کە٢ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی(شاهین گەلەداری تەمەن ٥٠ ساڵ لە زیندانی ورمێ بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا ،مێهران ئەکرەمی لە بەندیخانەی شاری سەقز لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست دا.)هەروەها چالاکێکی سیاسی بە ناوی(شوعەیب زارعی)لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی لە لایەن ترۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ترۆر کراو و گیانی لەدەست دا.

ئەوەی جێگای سەرنجە لە مانگی ڕابردوو دا دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکانیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.