لە گیەڵان چالاکێکی مەدەنی و چەند هاووڵاتییە بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: لوتفوڵڵا پەرویز، یەکێک بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گیەڵان، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرا و چەند هاووڵاتی دیکەش بانگکران و هەڕەشەیان لێکراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چاکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری گیەڵان، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی “لوتفوڵلا پەرویز” چالاکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارە و یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەو شارە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، هە بەدەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە وازیان نەهێناوە بەڵکوو هەموو ماڵەکەشیان پشکنیوە و دۆخێکی ترسێنەریان دروست کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گرتووە.

شایانی باسە کە، ڕێوڕەسمی نەورۆز ئەم ئێوارەوە (پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە) لە شاری گیەڵان بەڕێوە بچی، بەڵام کۆماری ئیسلامی ترسی لێ نیشتووە و بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەی دەسبەسەر کردووە و هەروەها ئەو هونەرمەند و چالاکوانانەش کە بڕیار وایە بەشداری بکەن، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە بانگی کردوون و هەڕەشەی توندی لێ کردوون.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیکە کە سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چالاکانی مەدەنیی شاری گیەڵان داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە ئەمڕۆ بە جلوبەرگی کوردییەوە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکەن.