
خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی ڕێبەندانی١٤٠٣ی هەتاوی ٩٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.
شایانی باسە کە جیا لەو کەسانەی دەسبەسەر کراون دەیان کەس لە چالاکانی ژینگەیی وکرێکاری و چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان و ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت ولێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی دا، ٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام وبەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٢٨ ساڵ و٦ مانگ و ١ ڕۆژبەندکرانی تەعزیری مەحکووم کراون.
هەروەها کەسێک لەو دەسبەسەر کراوانە بە ناوی “پژمان سوڵتانی” خەڵکی بۆکان لە دەسبەسەرکراوانی شوڕشی ژینا بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی سەر بر هێزەکانی سپای پاسداران سزای ئێعدامی بەسەر دا سەپێندراوە. پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.




