هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئاودانان بە بارمتە ئازاد کرا و تەندروستیی ناجێگیرە

خۆڕاگری: ناسر ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “سەراوباغ”ـی سەربە شاری ئاودانان، پاش ٢ مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ناسر ڕەزایی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارۆچکەی سەراوباغی سەر بە شاری ئاودانان، پاش ٦٣ ڕۆژ دەسبەسەربوون و ناجێگیربوونی تەندورستیی بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥ میلیارد تمەن و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، ناسر ڕەزایی، سێ بڕبڕەی پشتی بەهۆی ئەشکەنجەی دڕەندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ئیلام زەربەی بەرکەوتووە و هەروەها سەر ئەژنۆشی دڕاوە.

ناوبراو ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ئیلام، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر ئەشکەنجەی دڕەندانەی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی مانی لە خواردن گرت.