سەپاندنی سزای ١٥ساڵ بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەیووب جەوانپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕیژیمەوە سزای پازدە ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە، بە سەرۆکایەتیی قازی “کەیوان جەهانی” و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی سزای ١ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی سەرپەرستیکردنی گرووپێکی زیاتر لە دوو کەس بۆ تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەت، سزای ١٠ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ ساڵ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ ساڵ بەندکردن، واتە سەرجەم ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەیووب جەوانپوور، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش مانگێک و چوار ڕۆژ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، دواجار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە و لە کاتێکدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە کە باری جەستەیی و دەروونیی بەتەواوەی ناجێگیر بووە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەری جەستەی دیار بووە.

شایانی باسە کە ناوبراو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سەقز و لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گواستراوەتەوە و هەروەها جەوانپوور یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ساڵی ڕابردووی شاری سەقزە و بەهۆی چالاکییەکانییەوە جارێکی تر سزای بەسەردا سەپاوە.