
خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی ٤١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران،سیخوری کردن بۆ ئیسرائیل، دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.شایانی باسە کە دەیان چالاکی سیاسیی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کراون و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خەرمانانی١٤٠٤ی هەتاوی دا، ١٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکرەدنیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ٤٠ ساڵ و ١٠مانگ و ١ڕۆژ بەند کردنی تەعزیری و ٧ ساڵ ٧ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردن مەحکووم کراون.هەروەها کاوە ساڵحی بە سێ جار ئێعدام کردن مەحکووم کراوە و ٢بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی “مێهران بەهرامیان”١٥ی خەرمانان و”بابەک شەهبازی”٢٦ی خەرمانان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیران لە سێدارە دراون.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.


