دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ٥٠ هاووڵاتیی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ٥٠هاووڵاتیی خەڵكی بانە لەسەر سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‘خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی ” ١٣ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا لە سنووری شاری بانە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە ئەو دەسبەسەرکردنانە بە پاساوی پەیوەندیگرتن و گواستنەوەی زانیاری بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون.

بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، وێڕای دەسبەسەرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو کەسانە بە مەبەستی گواستنەوەی زانیاری لە ناوخۆی ئێرانەوە بۆ دەرەوەی وڵات و بە بەکارهێنانی سیمکارتەکانی وڵاتانی دراوسێ، چالاکییان ئەنجام داوە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران ئەو تۆمەتەیان وەک هۆکاری سەرەکیی ڕەشبگیرییەکە خستووەتە ڕوو.

ئەو دەسبەسەرکردنە بەکۆمەڵە لە کاتێکدایە کە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر ناوی دەسبەسەرکراوان و چارەنووسیان نەخراوەتە ڕوو و هەروەها سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی دەسبەسەرکراوان نادیارە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و  هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانشیان بێئاکام ماوەتەوە.