سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: یوسف بەکری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٤٠مانگ بەنکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، یوسف بەکری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد کە نزیکەی ٣مانگە دەسبەسەر کراوە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشداریکردن لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سەرجەم سزای ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە هەنووکە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری مەهاباد دایە.

یوسف بەکری، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە شوێنی کارەکەی خۆی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزیی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.