دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی “ئاسۆ کەریمی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: نزیکەی ٢٠ڕۆژ لەمەوبەر، ئاسۆ کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیرا و ئەمڕۆ هەواڵی دەسبەسەرکردنەکەی بە میدیایی کراوە.

بنەماڵەی کەریمی، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییان لە بۆکان کردووە، بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان لای ئەوان نییە و هیچ زانیارییەکیان لەسەری نییە، دواتر لە درێژەی هەوڵەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆیان دەرکەوتووە کە کوڕەکەیان لە گرتنگەی ڕێژیم لە بۆکانەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەیەک لە شاری ورمێ.

جێی ئاماژەیە کە، ئاسۆ کەریمی پێشتر چەندجارێکی دیکەش لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە، بەڵام تائێستا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ زانیارییەکیان لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو نەخستۆتە بەردەست و هەروەها ئێستا چارەنووسی ناوبرار ناڕوونە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.