دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتە ئازاد کران

خۆڕاگری: حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران،

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان، کە نزیکەی ٢مانگە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون، ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی شاری بۆکان ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەر، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ، گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوون.

جێی ئاماژەیەوە کە، حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران کە تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنیان لە بەردەستدا نییە.