ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان

خۆڕاگری: خەبات ئێراندووست، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە بەسەر دەسبەسەربوونیدام تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنی خەبات ئێراندووست، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی و بارودۆخی لەبەردەستدا نییە.

ناوبراو لەو ماوەیەدا کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، لە مافە سەرەتاییەکانی وەکوو؛ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی تەلەفوونی بێبەش کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتەهۆی نیگەرانی بنەمەڵکەی.

جێێ ئاماژەیە کە، خەبات ئێراندووست، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.