دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ماوەی چوار ڕۆژە گۆرانی خودامرادی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕيزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، گۆران خودامرادی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “شیان”ـی سەربە شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، وێڕای دەسبەسەرکردن ناوبراو پاش پشکنینی تەواوی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە، هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.