خۆڕاگری: لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە کرامشان و مەلەکشایی، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە، لانیکەم شەش هاووڵاتی لە شارەکانی کرماشان و مەلەکشایی گیانیان لەدەست دا.
ڕۆژی شەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە شاری کرماشان دوو برا بە ناوەکانی ڕەسووڵ کدیوەریان، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵان و ڕەزا کدیوەریان، برا گەورەی ناوبراو، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکاندا کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆئ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و لە ئاکامدا ھەردووکیان گیانیان لەدەست داوە و ھاوکات لە شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، ھێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی جەنگی، تەقەیان لە ھاووڵاتییانی ناڕازی کردووە و لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، چوار ھاووڵاتی بە ناوەکانی مێهدی ئیمامیپوور، ڕەزا عەزیمزادە، فاڕز ئاغامحەممەدی و محەممەد موقەدەسی (ناسراو بە بزونە) دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڤیدیۆ و زانیارییە بڵاوکراوەکان باس لە برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ ھاووڵاتی دەکەن لە شاری مەلەکشایی بەھۆی سەختی برینی بەشێک لە بریندارەکان و پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئیلام گواستراونەتەوە

Be the first to comment