دەسبەسەرکردنی خوشک و باوکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لە بۆکان

خۆڕاگری: ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی شەهید “محەممەد حەسەنزادە”، خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە، خوشک و باوکی محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی سەرناسەریی “ژن، ژیان، ئازادی”ـی شاری بۆکان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە بانگ کران و پاش ئەوەیکە سەردانی ئەو ناوەندەیان کردووە، دەسبەجێ دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو ئەندامەی بنەماڵەی شەهید محەمەد حەسەنزادە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری ساڵڕۆژی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو گوشاری توندی خستۆتە سەر بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان و بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکا.