سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر هونەرمەندێکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن سەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند:  تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “ئۆجاقڵوو” بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٥زەربە قا،چیی بەسەردا سەپێندراوە.

تەها ڕەسووڵیان، لە پەروەندەیەکی دیکەدا کە پەیوەندی بە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ژن، ژیان، ئازادییەوە هەیە، سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هاوکات لەگەڵ ئەو سزایانە، بە بڕی ١٠ملیۆن تمەن، سزای پێ‌بژاردنیشی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە، تەها ڕەسووڵیان، لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە پیرانشار بە سەرۆکایەتیی قازی “ڕەزا قارەمانی‌سەعاتڵوو”، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، لە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواستراوەتەوە، کە دواجار لە ٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتیی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.