
خۆڕاگری: هەژار ئەسەدپوور و کەیوان ئاشتاب، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە لەلایەنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی شەممە، ۷ی پووشپەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: ماوەی ٨ڕۆژە کەیوان ئاشتاب و هەژار ئەسەدپوور، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکەی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی، ۳۰ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.