دەسبەسەرکردنی خاڵی ژینا ئەمینی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە بەردەوامیی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی، سەفا عائیلی، خاڵی ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەفا عائێلی، خاڵی بچووکی “ژینا ئەمینی” و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی تۆقێنەر و پڕ دڵەڕاوکێ، ناوبراویان بە شێوەیەکیدڕەندانە دەسبەسەر و ڕفاندیان.

هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتت کۆماری ئیسلامی، بە پێنج ماشێن و بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاساییان پێ‌بێ، لە گەڕەکی “چەم وەلی‌خان”ـی سەقز هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەفا عائێلی و دوای دەسبەسەرکردنی بەشێوەیەکی دڕەندانە بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ خاڵی ژینا ئەمینی و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.