دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ لاوی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوەکانی موسلیم حەمدی، تەحسین یوسفی و فەردین سداقەت، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، تەحسین یوسفی، فەردین سداقەت و موسلیم حەمدی سێ لاوی تەمەن خوار ٢٠ساڵانی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کراون.

ئەو سێ لاوە دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان گوازراونەتەوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە.