دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردن و سێدارەی بەسەر چوار بەندکراوی سیاسیی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی، بەندکراوانی سیاسیی خەڵکی بانە، کە چوار ساڵە لە بەندیخانەی سنە بەند کراون، سزای بەندکردن و سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، یوسف ئەحمەدی، خەڵکی شاری بانە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە سەرۆکایەتیی قازی “سەعیدی”، بە تۆمەتی  چالاکیی چەکدارانە بەدژی حکوومەت، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سێ هاووڵاتیی دیکەش بە تۆمەتی هاوکاریکردن، سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

محەممەد کەریمی سزای ٢٥ ساڵ، باست کەریمی و محەممەد فەیزی هەرکامیان سزای ٢٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها یوسف ئەحمەدی، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لە پێش چاوی ژن و منداڵەکەی تەقەیان لێ کردووە و لاقیان بریندار کردووە و سەرەڕای ئەوەیکە بە برینداری و بەبێ هیچ چارەسەرییەکی سەرەتایی بۆ برینەکەی، دەسبەسەر کراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیشیدا هیچ جۆرە چارەسەرێکی بۆ نەکراوە و تەنانەت بە برینداریش بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە بۆ ئەوەی دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە دراونەتە پاڵی.

شایانی باسە کە، ئەو چوار بەندکراوە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون و لە مافە سەرەتاییەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون.