ناڕونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵكی ڕەبەت پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕەبەت بەناوی “فەرەیدوون تۆبەکار” ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن ‌هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، فەرەیدوون تۆبەکار، هاووڵاتیی خەڵكی شاری “ڕەبەت”ـی سەربە شاری سەردەشت، ماوەی یەک حەفتەیە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە کە ئەوە بووەتە هۆی نیگەرانییان.