دەسبەسەرکردنی سێ هاوڵاتیی خەڵکی ئیلام لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام بەناوەکانی “هودا سادقی، مەحموود سادقی و عەلی شێرخانی” لە ڕێوڕەسمی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئیلام، هەڵیانکوتاوەتە سەر ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی “موحسین قەیسەری” و مەحموود سادقی و هودا سادقی کە کچ و باوکن لەگەڵ عەلی شیرخانی، سێ هاووڵاتیی ئەو شارەیان دەسبەسەر و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی ئەو سێ هاووڵاتییەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.