دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە و قوروە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: موجتەبا دێهقانی، خەڵکی قوروە و ئازاد زەکەریایی، خەڵکی سنە لەلایەن  هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، موجتەبا دێهقانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ئازاد زەکەریایی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “تووارە ڕووتە”ـی سەربە ناوچەی کەڵاتەرزانی شاری سنە، لەلایەن هێز داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە و ئێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.