دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی خەڵکی سەقز لەلایەن ‌چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەحەر ساڵحیان، خوێندکاری زانکۆی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز، هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی سەحەر ساڵحیان، خوێندکاری بەشی پەرستاری خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەحەر ساڵحیان، خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە و خوێندکارێکی چالاک و زیرەکی ئەو زانکۆیەیە کە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.