ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی خەباتکارێکی خۆڕاگر و ماندووی نەناسی ناو چاڵە رەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوڕێ “ئیدریس هۆرمزی”

بە داخەوە سەر لە بەیانی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی  خەباتکار و تێکۆشەرێکی تێگەیشتوو پێگەیشتووی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان “نەمر ئیدریس هۆرمزی” کە چەندین ساڵ لە تەمەنی پڕ لە سەروەری خۆی لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا بردە سەر بە هۆی جەڵتەی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر ژیان ئاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەر و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی کرد.

 کاک “ئیدریس هۆرمزی” ساڵی ١٣٥٢ لە شاری پیرانشار چاوی بە دونیا هەڵیناو، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە تەواو کرد. کاک ئیدریس هەر لە هەڕەتی لاوەتی هەستی بە چەوسانەوەی گەلەکەی کردبوو هەر بۆیە  زۆر زوو تێکەڵ بە کاری سیاسی و کوردایەتی دەبیت، ساڵی ١٣٦٩ پێوەندی بە تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکرات دەکات و هەر بەو هۆیە ساڵی ١٣٧٢ بە رەسمی دەبێت بە پێشمەرگە. کەسایەتی  بەرزی کاک ئیدریس وای کردبوو کە زۆر زوو توانی جێگای خۆی لە ناو دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دا بکاتەوە.پلەکانی سەرکەوتن یەک لە دوای یەک ببڕێ و بیکات بە کادرێکی چاوکراوەو تێگەیشتوو و پێگەیشتوو.

 هاوڕێ ئیدریس ساڵی ١٣٧٨ لە مەئمووریییەتێکی سیاسی تەشکیلاتی دا لە گەڵ سێ هاورێی تری دا لە ڕێکەوتی ١٤ رەزبەری ١٣٧٨هەتاوی لە گوندی قەڵات سەر بە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار لە شەڕێکی نابەرانبەر دا لە گەڵ هاوڕێیەکی تری بە برینداری دەکەونە دەستی هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. دوای ئەشکەنجەو ئازارێکی زۆر سەرەنجام لە بەناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شآری کەرەجی  بەسەردا دەسەپێندرێ.

هاورێ ئیدریس لە زیندانیش نموونەی خۆڕاگری بوو،لەوێش هەر زوو ڕیگای خۆی دەبینێتەوە دەست دەکا بە خوێندنەوەی کتێب و خۆپێگەیاندن و هاندانی هاووبەندییەکانی بۆ خویندن وخوێندنەوە.خسڵەتە بەرز و ئینسانییەکانی کاک ئیدریس وای کردبوو کە ببێتە جێگای باوەڕ و متمانەی هەموان.

سەرەنجام دوای پێنج ساڵ و شەش مانگ مانەوە لە بەندیخانەکانی ورمێ(دەریا) و ڕەجای شاری کەرەج  بە بارمتەی قورس لە بەندیخانە دێتەدەر و ئەو هەلە دەقۆزیتەوە ناگەڕێتەوە زیندان و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٣ ڕاستەوخۆ دێتەوە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی بە کردەوەو تا دوا ساتەکانی ژیانی ماندوو نەناسانە، لە مەیدانە جوراوجورەکانی بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلام ئێران دا کاری کرد.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، هاوخەمی خۆی ئاراستەی ، هاورێ و هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێز هۆرمزی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی