خۆڕاگری: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیی کورد، چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراون.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٤ی فێوریەی ٢٠٢٦ زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: گوشاری ئەمنی و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانان بەردەوامە و چارەنووسی ژمارەیەک لە بەسەرکراون نادیارە و بەپێی بەدوداچوونەکانی خۆڕاگری، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی لومار لە پارێزگای ئیلام بە ناوی محەمەدحوسێن براڵەک، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨بەفرانباری ئەمساڵ، مێهرداد داودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیجاڕ لەلایەن هێزە سەرلوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە و لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری مەریوان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئومێد ڕاوەند و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنی نادیار.
سەبارەت بە چارەنووسی دەسبەسەرکراوانی ساڵانی ڕابردوو، شەهریار ئۆسکۆیی، وەرزشوانی ناسراوی خەڵكی شاری سنە و یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کە لە ٣٠ی خەرمانانی ئەو ساڵەدا دەسبەسەر کرا، تائێستاش هەروا دەسبەسەرە و هیچ زانیارییەکی ڕاست و درست لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدادچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment