ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد کەدخودا، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، ماوەی ١٠ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١٠ڕۆژ لەمەوبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، محەممەد کەدخودا، هاووڵاتییەکی ئەو شارەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە و تا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە و بنەماڵەکەشی بەدواداچوونی زۆریان کردووە بەڵام لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە و پاشان گواستوویانەتەوە بپۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا ڕێگەی پێنەدراوە لانیکەم پەیوەندییەکی تەلەفوونی بکا و بنەماڵەکەی ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی نیگەران نەبن، بۆیە بنەماڵەی بەجیددی نیگەرانن و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش بە بەرپرس دەزانن سەبارەت بە بارودۆخی کوڕەکەیان.

جێی ئاماژەیە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی محەممەد کەدخودا لە بەردەستدا نییە و نازانرێ کە دۆخی تەندروستی و بارودۆخی چۆنە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە و ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان دەسبەسەر یان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.