
خۆڕاگری: میلاد مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، میلاد مورادی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری تاران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ناوبراو و دەسبەسەریان کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.