
خۆڕاگری: ڕامین گورگانی، هاووڵاتیی خەڵكی کامێران بۆ جاری دووهەم لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوەتەوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕامین گورگانی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری کامێران، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە لە یەکێک لە شەقامەکانی کامێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوبراو و دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەشاری سنە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.