هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “سەمیع ڕەسووڵی” پاش ٨مانگ و نیو دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەمیع ڕەسووڵی هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە ماەی ٨مانگ و ١٤ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە، بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ٣ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کراوە.

سەمیع ڕەسووڵی، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی هێج بەڵگەیەکی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و بۆ لێکۆڵینەوە گواستوویانەتەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغێ لێکۆڵینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نەغەدە کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، تۆمەتی وەپاڵدراو و هەروەها چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.