دەسبەسەرکردنی وەرزشوانێکی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: چیا ڕەزایی، وەرزشوانی بواری “مووی‌تای”ـی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، چیا ڕەزایی، ڕاهێنەری وەرزشی “مووی‌تای” و یەکێک لە پاڵەوانەکانی ئەو بوارە لە ئاستی ئاسیا و هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لەکاتی دەرچوونی لە هۆڵی وەرزش بەرەو ماڵەوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەری و وێڕای دەسبەسەرکردنی، دەستیان بەسەر ئوتۆمبێل و کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.