پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات

بەشدارانی بەڕێزی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات!

بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنفڕانسەکەتان پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەشی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی بەڕێزی کۆنفڕانس دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون لەکارەکانیان بۆ دەخوازین.

هەر چەند بۆ ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات کەشی لەبار و دەرفەتی گونجاو بۆ گرتنی کۆنفڕانس لەکاتی خۆیدا لە ئارادا نەبووە و وەدواکەوتنێکی چەند ساڵەی هەبووە، بەڵام لە کار و چالاکیی ئۆرگانک و بەڕۆژکردنەوەی بەردەوامی خۆی نەوەستاوە و بەخۆشییەوە ئەمڕۆ دەبینی چوارەمین کۆنفڕانسی خۆی لە فەزایەکی کراوە و دێموکراتیکدا بەڕێوە دەبات.

کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا دەگیرێ کە دۆخی نێوخۆی ئێران زیاتر لە هەر کاتێک هەستیار و بەستێن‌سازی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانە. دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل کە بوو بە هۆی تێکشکانی هەیمەنە و دەرکەوتنی لاوازییەکانی ڕێژیم ئێران لە هەموو ئاستەکاندا، بەڵام ڕێژیم لە نێوخۆی وڵاتیشدا لەهەمبەر ویست و داخوازەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا داماو و زەبوونە و هەربۆیەش دەزگای سەرکوت بە هەموو شێوەیەک بۆ چاوترسێنکردن و قەرەبووی شکستەکانی ڕێژیم بەر بوونەتە گیانی خەڵک. ڕەشبگیری و دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و خەڵکی بێتاوان بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل و چالاکیی دژی نیزام و دادگاییکردنی نایاسایی و  نادادپەروەرانەدا و سەپاندنی سزای قورسی زیندانیی درێژخایەن و تەنانەت ئێعدام بەشێک لە ڕەفتارەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامین کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پتر پەرەیان سەندوە. وەک ناوەندەکانی زانیاری بڵاویان کردوەتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیم لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هەتا ئێستا زیاتر لە بیست هەزار کەسیان دەسبەسەر کردوە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی ئاماری ئێعدامکراوەکان لە ئێران گەیوەتە ٨٤١ کەس کە دوو هیندەی ماوەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو بووە. بێگومان لەو بارودۆخەدا ئەرکی لەقاودانی ئەو ئێعدامانە و گەیاندنی دەنگی بەندکراوانی سیاسی دەکەوێتە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ کە ئەنجوومەنی زیندانییە سیاییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەوانن.

بەڕێزان!

شک لەوەدا نیە کە بەندکراوانی سیاسیی کورد لە ئێران لە کۆمەڵگە و بەتایبەت لەلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قارەمان و زیندان‌بەزێن ناسراون. ئەو تێکۆشەرانە بە خۆڕاگریی کەم‌وێنە وتێپەڕکردنی ساڵانی تەمەنیان لە تاریکخانەکان و ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و تەنانەت بەختکردنی گیانیان، زیندانەکانی ڕێژیمیان کردوە بە سەنگەری خەبات و خۆڕاگری و سووربوونیان لەسەر باوەڕ و ڕێبازیان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پابەندبوونی خۆی بە ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ بەرگری لە بەندییە سیاسییەکان و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان دووپات دەکاتەوە. هاوکات هیوادارە ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم کۆنفڕانسەدا بە پەسندکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست و گونجاو و داڕشتنی نەخشەڕێی نوێ بە مەبەستی بەرەوپێشچوونی زیاتر لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرنامە و ئامانجەکانی  لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام بێ.

بە هیوای سەرکەوتنی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

                                 ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

                                 ٣ی سپتامبری ٢٠٢٥ی زاینیی