سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: دیاکۆ عەزیزی، لوقمان زەنگی و سیامەند زەنگی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای قەزایی کۆمای ئیسلامییەوە هەریەکەو سزای ١٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دیاکۆ عەزیزی، لوقمان زەنگی و سیامەند زەنگی کە لە کاتی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران،  لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماتی ئیسلامیی لە ئێران لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی قازی “ئەنساری” بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران هەرکامیان سزای ١٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەگەڵ دەسبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی خەڵکی شنۆ لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرابوون و پاش ٣حەفتە ڕاگیران بەدانانی بارمتەی یەک ملیاردی و یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆنی بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کران.