هاووڵاتییەکی خەڵکی کامێران ماوەی زیاتر لە ٢٠ڕۆژە دەسبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە

خۆڕاگری: ڕەزا ساعد‌مووچشی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، ماوەی زیاتر لە ٢٠ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕەزا ساعدمووچشی، هاووڵاتیی خەڵكی ناوچەی “مووژ”ـی سەربە شاری کامێران و دانیشتووی شاری سنە، ٣حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣حەفتە بەسەر دەسبەسەربوونیدا لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو بنەماڵەیە.