مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە بۆ جێبەجێکردن سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەکساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی “نۆژین”ـی سنە، دوای بانگکردنی لەلایەن جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای کۆماری ئیسلامی لە سنە، دەسبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکردنی یەکساڵ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە و  سزای ١١ ساڵ بەندکردن لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە دادگای پێداچوونەوە لەبەردەستدایە و لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی، ١٠ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.

سەیوان ئیبراهیمی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئیقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە بە سەرۆکایەتی قازی “کەرەمی”، بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستە بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای دە ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای یەک ساڵ بەندکردن و سەرجەم سزای یازدە ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە پەروەندەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندرابوو و ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، سزای بەندکردن و قامچیەکەی لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوە و سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان هەڵوەشایەوە.

هەروەها ناوبراو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی هەمانساڵ، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کرا.

سەیوان ئیبراهیمی، پێشتر ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەکاتێکدا کە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی، “زارا محەممەدی” سەردانی دادگای ئینقلابی کلۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە شاری سنە کردبوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرا و ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.