جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٤بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ورمێ

خۆڕاگری: سزای لەسێدارەدانی ٤بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نیوەشەوی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سزای سێدارەی ٤بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، نەسیم نەمازی و ڕەحمان پەڕحازۆ، بەتۆمەتی سەپێندراوی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ سزاکەیان جێبەجێ کرا.

سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بەناوی “مەنسوور ڕەسووڵی” بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی کەم کراوەتەوە و سزای ئەو چوار هاووڵاتییەی دیکە جێبەجێ کراوە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەیان ڕاگەیاندووە کە تەرمەکانیان ڕادەست ناکرێنەوە.

جێی ئاماژەیەوە کە، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازۆ، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ بە سەرپەرەستی قازی “نەجەفزادە” بەتۆمەتی بەشداریکردن لە پێدانی زانیاری و سیخوڕی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.