پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆڕاگری: ٥هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ کە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بەناوەکانی “پیرۆی تابناک، یاقووب مەحموودی‌ئازەر، یوسف ڕەحمانی، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر و موحسین عەزیزی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شنۆ بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزب کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاندن و بۆجێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.

پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی “سینگان”ـی سەربە شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ٢ساڵ و بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کرا و پاشان نزیکەی یەک مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

ئەو چوار هاووڵاتییەی دیکەش بەهەمان تۆمەت سزایان بەسەردا سەپێندراوە کە بەم شێوەیەیە: یاقووب مەحموودی‌ئازەر ٧ساڵ بەندکردن، یوسف ڕەحمانی ٢ساڵ و ٥مانگ، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر ٧ساڵ و موحسین عەزیزی ٢ساڵ، کە سەرجەم سزای ١٨ساڵ و ٥مانگ بەندکردنیان بە سەردا سەپێندرا بە تۆمەتی ئەوەیکە هاوکارییان لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.

جێی ئاماژەیە کە ئەو چوار هاووڵاتییەش مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک لە دەسبەسەربوونیان، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کران.