سەپاندنی سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەردا دەسبەسەرکراوێکی پیرانشاریدا

خۆڕاگری: سادق مەحموودنژاد، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری پیرانشار چاوی چەپی بریندار بووە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد، تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی دراوەتە پاڵی و ئەو پەروەندەیە هێشتا کراوەیە.

سادق مەحموودنژاد، سەرەڕای ئەوەی کە بە چەند قۆناغێک لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام ٢٠٪ بیناییی چاوی چەپی لەدەست داوە و هەروەها ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

شایانی باسە کە سدیق مەحموودنژاد، شەوی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پیرانشار لە گۆڕەپانی “مامۆستای هەژار”ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت چاوی چەپی بریندار بووە.