دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ” ئەیووب میرزایی و شیروان خزری” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەیووب میرزایی و شیروان خزری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “بێمزورتێ”ـی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هێرش کراوەتە سەر ماڵیان و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی بێمزورتێ، تا ئێستا دیار نییە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە چ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان و دەسبەسەریان کردوون و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسە بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.