دەسبەسەرکردنی ٣ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن چەکدارانی ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی “شێرکۆ نەسیری، ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەتی خەستە” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، شێرکۆ نەسیری، ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەتی خەستە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گوێکتەپە”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی گوندی گوێکتەپە، تا ئێستا دیار نییە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە چ هۆکارێک و دەسبەسەریان کردوون و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.