دەسبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی کۆمار دەرئۆفتادە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی شەهید کۆمار دەرئۆفتادە، هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئەندامانی بنەماڵەی دەرئۆفتادەیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لە دایکبوونی شەهید کۆماری دەرئۆفتادە، لاوی تەمەن تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کرا، ئەمڕۆ بە مەبەستی ئەوەیکە لەو ڕۆژەدا ڕێوڕەسمی بۆ بەڕێوە نەبەن، هیزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی دەرئۆفتادەیان دەسبەسەر کردووە و دەستیان بە کەلوپەلە تایبەتەکانیاندا داگرتووە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم، حەسەن دەرئۆفتادە و هاجەر بەرزەنجی، دایک و باوکی شەهید کۆمار دەرئۆفتادە و ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە دەرئۆفتادە، منداڵەکانی دیکەی ئەو بنەماڵەیەیان دەسبەسەر کردووە و دایکی کۆمار بەهۆی هەڕەشەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بە دەمانچە و گوشاری ناڕەحەتیی لەڕادەبەدەر دۆخی دەروونی تێک چووە و دوای ئازادبوونی، دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە بازگەی دەروازەی شاری پیرانشار ئەندامانی ئەو بنەماڵەیان ناچار کردووە جلە کوردییەکانیان کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی “کۆمار” لەبەریان کردبوو داکەنن و ئەو جلانە لەگەڵ هەموو کەلوپەلەکانی دیکەیان و بەتایبەت مۆبایل و کەلوپەلەکانی تایبەت بەو جەژنە کە ئامادەیان کردبوون، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

شایانی باسە کە، باوک، دایک، خوشک و براکانی شەهید کۆمار، دوای چەند کاتژمێرێک دەسبەسەربوون، ئازاد و ڕەوانەی ماڵی خۆیان لە شاری پیرانشار کراون، بەڵام هاجەر بەرزنجی، دایکی کۆمار بەهۆی ناڕەحەتی و گوشاری چەکدارانی ڕێژیمەوە تەندوروستی تێک چووە و دوای ئازادبوونی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.