خۆڕاگری: ئیلهام عەباسی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە و هەروەها چارەنووسیشی ناڕوونە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ٢مانگە ئیلهام عەباسی، کچێکی خەڵكی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵکەشی بێئاکام ماوەتەوە.
ئەو کچە کوردە تەمەنی ٢١ساڵە و سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە کە هەواڵی دەسبەسەرکردنی بە میدیایی نەکرێ و سەرچاوەکانی زانیاریی باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکیی سیاسی هەبووە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆسیە، هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.