بەیاننامەی هاوبەشی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە بۆنەی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”

سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، بە بیانووی پابەند نەبوون بە حیجاب، لەلایەن پۆلیسی “ڕەوشت”ی تارانەوە وێڕای دەستبەسەر کردنی توندوتیژانە، لێیدرا و بەهۆی سەختی برینی سەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و دوای سێ ڕۆژ گیانی لەدەست دا. لەوکاتەدا کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە دوای ئەو چەند ڕۆژە، جەستەی بێگیان و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەم کچە کوردە دەبێتە دەستپێک و سەرچاوەی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و ناوی ژینا دەبێتە سیمبولێکی گەورەی بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی “ژن، ژیان، ئازادی”
بزووتنەوەی ژینا، زۆر خێرا نەک هەر هەموو کوردستانی گرتەوە، بەڵکوو سەرانسەری ئێرانیشی تەنییەوە و وەک گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە چەند دەیەی ڕابردوودا پێناسە دەکرێت. هەر ئێستا بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بووەتە نەخشەڕێگە و مانیفێستێک بۆ خەبات و بەرخودانی سەرجەم گەلانی ئێران دژ بە ڕژێمی داگیرکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەرچەندە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” تێچوویەکی زۆری هەبوو کە سەدان شەهید و هەزاران بریندار و کەمئەندامی لێکەوتەوە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە خاڵی وەرچەرخانێکی گرینگ بوو لە خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم ئێران. ڕۆڵی ژنان لەم بزووتنەوەیەدا کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر خەباتی مافخوازانە و یەکسانیخوازی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، و دەرگایەکی نوێی بەرەوڕووی خەباتی ژنان لە هەموو ئێران و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کردەوە.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” سەلماندی، ژنی کورد لە چوارچێوەی پێناسەی ژن لە ئێراندا قەتیس نەماوە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێناسەی تایبەتی خۆی وەک ژنی کورد بۆ دەکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم بزووتنەوەیە توانی ببێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ خەبات و بەرخودانی ژنان و هاوکات وەک ڕەمز و هێمای بەرخودانی خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدروشێتەوە.
ئەم بزووتنەوەیە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کرا، دوای ئەو هەموو پێشێلکارییە مافی مرۆڤیانە کە بە کوشتن، کەمئەندامکردن و زیندانیکردن ڕووبەڕوو بووەوە، لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە فەرمی دانیپێدانرا و خەڵاتی “ساخارۆف”یشی پێبەخشرا. هەروەها لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دانانی “کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان” بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینا پەسەند کرا. ئاکامی کار و چالاکییەکانی ئەم کۆمیتەیە لە ڕاپۆرتی یەکەمیدا دەرکەوت کە ڕێژیمی ئێران، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.
ئەم خەڵات و بڕیارە نێودەوڵەتییانە، بەڵگەن بۆ پشت‌ڕاست کردنەوەی خواستەکانی ئێمە و دووپاتی دەکەنەوە کە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هێمایەکە بۆ ئازادی و دادپەروەری و هەروەها مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران و هەتا بە ئاکام گەیشتنی بەردەوام دەبێت.
لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا دا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان و بە تایبەتی شەهیدانی بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی و دووپاتی دەکەینەوە: “هەتا ستەم مابێت، خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی بەردەوامە!”
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*