چارەنووسی نادیاری سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەریوان، مەلەکشای و دەڕەشار

خۆڕاگری: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی کامیاب کەریمی، سامان شێخی و ئەبولفەزل ڕەشیدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە، ڕایگەیاند: کامیاب کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵكی شاری مەلەکشای سەربە پارێزگای ئیلام بە ناوی “سامان شێخی”، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە شاری دەرەشاریش، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوی “ئەبولفەزل ڕەشیدی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم سێ هاووڵاتییە کراون ڕانەگەیەندراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*