دەسبەسەرکردنی دووهاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کازم ئازادە و ناسر ئازرەم، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە بەکار هێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆیان دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،(خۆڕاگری) ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی(٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ی زاینیی)، کازم ئازادە و ناسر ئازرەم، دووهاووڵاتیی خەڵکی خەلیفان سەربە شاری مەهاباد ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی ڕێژیم بە بەکار هێنانی توندوتیژی ئەو دوو هاووڵاتییەیان لە ماڵی خۆیان دەسبەسەر کردووە، کە تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانە خراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییەیانە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسیان ناڕوونە.